CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 74 میوان

ھاوین وەرزی کارکردنی منداڵان

راپۆرت: توانا تەھا
ھەر کە وەرزی ھاوین دێت، ژمارەیەکی زۆری منداڵان، لەناوچە پیشەسازییەکان و بەردەم مارکێت و نزیک ترافیک و شوێنە گشتیەکان و بازاڕ دەبیندرێن و کاری قورس و لە خۆیان گەورەتر دەکەن و لەو جیھانە تایبەتییەی خۆیان دابڕێندراون، کارێک دەکەن

ھی ئەوان نییە، بەڵام بژێوی ژیان وایان لێدەکات دەستەوەتان نەوەستن و کارێک بکەن بۆ ئەوەی پێوەی بژین".
شارەزایەکی بواری کۆمەڵایەتی بۆ زاری کرمانجی دواو گوتی "منداڵان سەرگەردانی شەقامەکان کراون، ئێستا ڕێژەکەی ھەر زۆر بووە، ئەم ھەموو منداڵە ئاوارەو فەقیرو ھەژارەی خۆشمان تێکھەڵ بەیەکتر بوونەو ھەژارە راستە قینەکەمان بۆ جیاناکرێتەوە". شیڤان محەممەد توێژەری کۆمەڵایەتی پێیوایە حکومەت و وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بەرپرسیارییەتی یەکەمی لە ئەستۆدایەو دەبوو ئاماری راستی منداڵانی کارکەر دیاری کرابوایەو بەرنامەو پلانی تایبەتیان ھەبوایە بۆ ئەوەی ئەوانیش دەرفەتی ژیانێکی خۆشتریان بۆ بڕەخسێت و بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگەو خێزانەکانیان و بەکردەی ئەو ژیانە بکەن کە شایەنی منداڵە".
ئەگەر چی لە کوردستان زۆرجار سەرکردەکان بانگەشەی ژیانێکی خۆش و باشتر بوونی رەوشی ژیانی خەڵکی دەکەن و بانگەشەی مافەکانی منداڵ و دەستەبەرکردنی داھاتوویەکی ڕوونیان بۆ دەکەن، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێت رێژەیەکی زۆری منداڵ لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان خراونەتە بەر کاری قورس و لە خوێندن دابڕاون و ھیچ کەس گرنگی بە داھاتوویان نادات".
منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ کە نەیویست ئاماژە بەناوەکەی بکرێت، لە شەقامی حەریق نزیک ترافیکی رێگەی رواندز لەگەڵ براکەی رۆژانە لەسەر شەقامەکە کاردەکەن و بە فرۆشتنی کلینێکس و بنێشت و کارتی مۆبایل خۆیان سەرقاڵ کردووە". یەکێک لەو منداڵانە بەزاری کرمانجی گوت "زۆر ئاسوودەم لەم کارەی ئێستام، چونکە دەست لەبەر ھیچ کەس پانناکەمەوەو جگەرەش ناخۆم و کاردەکەم ئەوەی دەستم دەکەوێت ئێواران ئەی خەمە دەستی دایکم". کاتێک گوێ لە ئازارەکانی ئەم منداڵە دەگریت مەگەر دڵێک بەرد بێت ئەگیا لەگەڵ پەیڤەکانی ئەھەژێت و فرمێسک بەچاوەکانی دێتە خوارەوە". ھەروەک خۆی دەڵێت "دووساڵ لەمەو بەر باوکم کۆچی دوای کردوەو خۆشمان لەخانوی کرێدایین و تەنیا دایکم ھەیە سەرپەرشتیمان بکات و خۆشم کوڕەگەورەم لەماڵەوە دەبێت کاربکەم".
رۆژانە لە نزیک ترفیکلایتی دەروازەی سۆران پۆلێک منداڵێک دەبیندرێن و کار دەکەن و کەل و پەل دەفرۆشن، یەکێک لەو منداڵانەی کە بەردەوام لەم شوێنە دەوەستێت بەناوی گۆران دەڵێت "بۆ ئەوەی خۆمان بژێنین لێرە کاردەکەین، چونکە باوکم بەتەنیا ناتوانێت بژێوی خێزانەکەمان دابین بکات، بۆیە ھەموومان کاردەکەین، من لەسەر شەقام بنێشت دەفرۆشم و خوشکەکەم نان بۆ خەڵک دەکات و باوکیشم کرێکاری دەکات و ئەویش ئێستا زۆر کەم بووەو کەس نایبات بۆ کار".
رەدوان بە دڵتەنگیەوە دەڵێت "لە خێزانەکەمان جگە لەمن ھیچ کەسی دیکە نییە ئێستا کاربکات و بتوانێ بژێوی ژیانمان دابین بکات، لەبەر ئەوەی رۆژانە دێمە نێوبازاڕ لە بنێشت دەفرۆشم و کاردەکەم ھەرچەندەی دەستم بکەوێت دەی دەمە دەست دایکم و پێداویستیەکانی ماڵەوەی پێدابین دەکەم". ئەم منداڵە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات لەڕووی ئابوورییەوە ھاوکاری ماڵە ھەژارو کەم دەرامەتەکان بکات و وەکو خۆشی ھێمای بۆکرد ئەمڕۆ خانو پێداویستی ژیان زۆر ئەستەمن بۆ خێزانێک کە نەی بێت و پێویستی پێبێت، پێداویستی ئێمە چیە تەنیا ئەوەیە بژین و بەھۆی برسیەتیەوە نەمرین، من داوای پاسیکل و کۆمپیوتەرم نەکردووە من داوای ژیان ئەکەم".
وەک شیڤان توێژەری کۆمەڵایەتی باسی لێوەدەکات کارکردنی منداڵان کەمی نەکردوەو ئەوان بەردەوام کاری قورس دەکەن، خۆی لەبنەڕەتدا نابێت ئەو کارەبکەن، چونکە تەمەنەکەیان ھی ئەوە نییە بەو شێوەیە سەرقاڵ بن و بەدەم پەیدا کردنی نانەوە لەم تەمەنەوە ماندوو ھیلاک بن".
ئەم توێژەرە جەخت دەکاتەوە لەوەی بەشێکی زۆری ئەو خێزانانەی کێشەی ئابوورییان ھەیە ناچارن کار بە منداڵەکانیان بکەن، ھەندێکجاریش منداڵەکان خۆیان کار دەکەن و پێداویسیتەکانی خۆیانی پێدا بین دەکەن، بەڵام ئەوانە بەکەمی دەبیندرێن و کەسێک پێویست نەبێت کاری لەم شێوەیە ناکات".

خێزانەکەمان جگە لەمن ھیچ کەسی دیکە نییە ئێستا کاربکات و بتوانێ بژێوی ژیانمان دابین بکات