CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 89 میوان

جه‌نه‌ڕاڵه‌كان شه‌ڕی‌ بردنه‌وه‌ ده‌به‌نه‌ ئینگلته‌را ‌

ئاكۆ عارف:  ئه‌گه‌ر له‌ساڵانی‌ رابردوودا پریمه‌رلیگ له‌دیارترین پێناسه‌یدا خێرای‌ و هێزبووبێت، ئه‌وا ئیترركابه‌ری‌ یانه‌ئینگلیزییه‌كان به‌عه‌قڵی‌ راهێنه‌رانی‌ به‌ئه‌زموون و هه‌گبه‌ی‌ پڕی‌ راهێنه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كان پێده‌نێته‌ قۆناغێكی‌ نوێوه‌ و خێرای‌ و هێز به‌تاكتیكی‌ نوێ‌ و پلانی‌ نوێ و سه‌رده‌میانه‌و ئاماده‌كراوتر شه‌ڕی‌ هه‌موویان له‌سه‌ربردنه‌وه‌ توندترو خۆشترده‌كات.

ئه‌م وه‌رزه‌ یۆرگن كلوپ له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوڵ،گواردیۆلا له‌گه‌ڵ مان سیتی‌ و جۆزێ مۆرینهۆ له‌گه‌ڵ مان یونایتدو هاوته‌ریبی‌ ئه‌مان ئارسن ڤینگه‌ر له‌ئه‌رسناڵ و ماوریسیۆ پۆكنتینیۆی‌ ئه‌رجه‌نتنینی‌ له‌تۆتنهام و ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی‌ له‌ چێڵسی‌ و رۆناڵد كومان و كلاودیۆ رانێری‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كانی‌ ئیفه‌رتۆن و لێسته‌رسیتی‌ گڕ له‌پریمه‌رلیگ به‌رده‌ده‌ن و لاكێشه‌ی‌ سه‌وزی‌ یاریگاكان ده‌بنه‌ مه‌یدانێكی‌ جه‌نگی‌ گه‌وره‌ترو ململانێی زیاتر.
ئه‌و ناوانه‌ نوخبه‌ی‌ راهێنه‌ره‌كانن و ڕكابه‌ریی‌ نێوانیان دیوێكی تری‌ رووداوه‌كان ده‌بن، ڕه‌نگه‌ هه‌ڵه‌ نه‌بین گه‌ر بڵێین بۆ ئێستا جگه‌له‌ راهێنه‌رگه‌لێكی‌ باشی‌ تر، ئه‌وا ئه‌وناوانه‌ ته‌نیا له‌ دیگۆسیمیۆنی‌ راهێنه‌ری‌ یانه‌ی‌ ئه‌تله‌تیكۆمه‌دریدی‌ ئیسپانی‌ كه‌مه‌.
ڕكابه‌ری‌ یانه‌ ئینگلیزییه‌كان به‌بوونی‌ ئه‌م راهێنه‌رانه‌ به‌ته‌نیا له‌ هێزو خێرایدا نامێنێته‌وه‌، راهێنه‌ره‌كانیشیان جۆره‌ها لێدوانی‌ ئاگرین و شه‌ڕی‌ ده‌روونی‌ دژبه‌یه‌ك هاوشانی‌ تاكتیك و كارت و پلانه‌كانیان ده‌به‌نه‌ نێو یاریگاكان و یاری‌ و لێدوان و تاكتیك و شه‌ڕی ده‌روونیش ئاوێته‌ی‌ ڕكابه‌رییه‌كان ده‌بن و هه‌رله‌وێشه‌وه‌ ده‌می‌ راگه‌یاندنه‌كان به‌گشتی‌ و بازاڕی‌ رۆژنامه‌كانیش گه‌رم ده‌كه‌ن و ئیتر چاو و گوێی‌ هه‌وادارانی‌ وه‌رزش زۆرتر له‌سه‌ر ئینگلته‌راده‌بێت.
به‌دڵنییاییه‌وه‌ بوونی‌ ئه‌و هه‌موو راهێنه‌ره‌ ناودارو خاوه‌ن ئه‌زموونه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ ئینگلیزییه‌كاندا تام و چێژی‌ خۆی‌ هه‌یه‌و ئیتر دۆڕاندن و بردنه‌وه‌ش یه‌ك مانای‌ ئاسای‌ بۆئه‌وان نابێت، پاڵه‌وانێتییه‌كی‌ خێرا به‌ڵام ماوه‌یه‌كی درێژ ئه‌زموونی‌ هه‌موویان له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتریدا له‌سه‌نگی‌ مه‌حه‌ك ده‌دات.
هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌بێت ئه‌مساڵ و ساڵانی‌ دواتریش له‌سه‌رئاستی‌ ئه‌وروپا حسابێكی‌ نوێ ترو جیاوازتر بۆ یانه‌ ئینگلیزییه‌كان بكرێت، شه‌ڕی‌ راهێنه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ ئه‌ویانانه‌ به‌ته‌نیا له‌ ئینگلته‌راو له‌بازنه‌ی‌ پریمه‌رلیگدا قه‌تیس نابێت،ئه‌وه‌ی‌ له‌وێ‌ پێیان ناكرێت یان له‌ده‌ستیان ده‌چێت بێگومان ده‌ی‌ گوازنه‌وه‌ بۆ یارییه‌كانی‌ یۆرۆ و چامپیۆنس لیگ و پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌مه‌ش راسته‌.
ئه‌و یانه‌یه‌ی له‌سه‌رئاستی‌ ئه‌وروپا زوو دووچاری‌ شكست هات ئه‌وا هه‌مووتوانای‌ خۆی‌ ده‌باته‌وه‌ بۆ ئینگلته‌را،ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ ئه‌زموونی‌ هه‌موو ئه‌و راهێنه‌رو پێكهاته‌یه‌ی تیپی‌ یانه‌ ئینگلیزییه‌كان پێمان ده‌ڵێن ئه‌وان له‌سه‌ر ئاستی‌ ئینگلته‌راو ئه‌وروپاش هه‌ریه‌كه‌یان بۆخۆی‌ توانای‌ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی‌ زۆر شتیان هه‌یه‌.
زۆر جار ڕكابه‌ری‌ تیپه‌كان له‌ تۆپی‌ پێدا و به‌تایبه‌ت ڕكابه‌ری‌ یانه‌گه‌وره‌كان له‌ خول و پاڵه‌وانێتیه‌ گه‌وره‌كاندا به‌جه‌نگ وێنا كراوه‌،كه‌واته‌ ئاسانه‌ نازناوی‌ جه‌نه‌ڕاڵه‌كانی‌ یاریش به‌و ناوه‌ دیارانه‌وه‌ بلكێنرێت كه‌وه‌ك راهێنه‌ر له‌گه‌ڵ تیپه‌كانیاندا ده‌چنه‌گۆڕه‌پانه‌كه‌،به‌ڵام ئایا كێ‌ جه‌نه‌راڵی‌ پله‌ یه‌ك و كێ‌ جه‌نه‌راڵی راسته‌قینه‌یه‌و كێ‌ براوه‌ ده‌بێت؟.