چیرۆكی زیدان له‌گه‌ڵ ڕیاڵ مه‌درید له كوێدا كۆتایی دێت
- زياتر
- نوسراوە لە لایەن Ako arif
ئاكۆ عارف : دوای ساڵی 2003، به‌سه‌رده‌می راهێنه‌رایه‌تی خۆزیه مۆرینهۆشهوه و تائه‌و رۆژه‌ی زه‌ینه‌دین زیدان ئه‌ركی راهێنه‌ریی تیپی یه‌كه‌می یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدی گرته ئه‌ستۆ، تیپی شاهانه قۆناغ گه‌لێكی سه‌خت و دژواری بڕی، سه‌رباری ئه‌ستێره‌یه‌كی زۆر له‌یانه‌كه‌دا، شكستی چاوه‌ڕواننه‌كراو یان دۆڕانی گورچگبڕ یانه‌كه‌ی لهبهدهستنههێنانی زۆرشت به‌تایبه‌ت لهدهستهبهرنهكردنی نازناوی چامپیۆنس لیگ دورده‌خسته‌وه.
به‌درێژای ئهوقۆناغانه یانه‌كه تۆكمه بوو، به‌ڵام چنینه‌وه‌ی ده‌رنجامی یارییه‌كانیان خواستی زۆر‌و زه‌وه‌ندی ئه‌وانی تێرنهكرد، نازناویان بردۆته‌وه و یاریزانی ئه‌ستێره‌ی به‌ناوبانگیشیان هه‌بووه، راهێنه‌ری چاكیشیا له‌گه‌ڵ بووه، به‌ڵام وێنه و مه‌سجه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن ئه‌م ماوه كه‌مه‌ی زێدان له‌ئه‌ركی راهێنه‌ری ڕیاڵ مه‌درید جیاوازتره و زۆرجیاوازتریش ده‌بێت له سه‌رده‌مه‌كانی پێش خۆی ئه‌ویش ئه‌گه‌ر ئه‌م گیانه‌ی ئێستا و رۆحی سه‌ركرده‌بوون و تاكتیكی یاریكردنی به‌م شێوازه‌ی ئێستا گه‌شه پێبدات و پاڵپشتی بكرێت و هه‌مووانیش لێی تێبگه‌ن.
كاتێك زه‌ینه‌دین زێدان ده‌بێته راهێنه‌ر، ئه‌م تیپه له‌سه‌رده‌ستی رافایل بینیتزی راهێنه‌ر دوچاری كێشه‌و دوچاری نه‌كردنه‌وه‌ی زۆرێك له‌گرێ کوێرهكان بووبوو، ته‌نانه‌ت تاهاتنی زێدان و به‌تایبه‌تی له‌دوای رۆیشتنی مۆرینهۆوه زۆرێك له‌یاریزانه‌كان له ڕووی ده‌رونییه‌وه خه‌ریك بوو دووچاری داڕوخان ده‌بوون، هه‌ریه‌كه‌شیان له‌ئاوازێكی ده‌خوێند، به‌ره‌ی یاریزانانی كریستیانۆ و به‌یڵی دژبه‌یه‌ك، خه‌ریك بوو به‌ته‌واوی ڕه‌نگی ده‌دایه‌وه.
یه‌كه‌م ئامانجیش له‌گرتنه‌ده‌ستی ئه‌ركی راهێنه‌ری تیپی میرنگی له‌لایه‌ن زیدانه‌وه هێنده‌ی نه‌مابوو یانه‌كه وه‌ك كێکێكی پارچهپارچهكراوی بێ تامی لێبێت، به‌ڵام زیدان هاتوو له‌زه‌مه‌نێكی كورت و كه‌مدا زیاتر له‌وه‌ی كرد كه بۆ زه‌مه‌نێكی دوور یان كاتێكی ماوه‌درێژ چاوه‌ڕوانیان لێده‌كرد، ئه‌و تیپه‌كه‌ی هێنایه‌وه تایم ، ئه‌و یاریزانه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كتر ئاشتكرده‌وه، هه‌رخێرا له‌رێگاوه نازناوی خولی یانهپاڵهوانهكانیشی ده‌سته‌به‌ركرد، له‌ناو كامپ نوداشدا 2-1لهبارسێلۆنای ركابه‌ری ته‌قلیدی خۆیانی برده‌وه، ئه‌م یارییه له‌چوارچێوه‌ی ڕكابه‌رییه‌كانی لالیگاو له‌دوای دۆڕانی ڕیاڵ بوو له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا به‌ئه‌نجامی 4 گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر به‌كوڕانی لویس ئینریكی.
زێدان بۆخۆی چیرۆكێكه له‌یاریكردن له‌گه‌ڵ ریاڵ مه‌درید، ئه‌م وه‌رزه‌ش لهدوویاری هه‌فته‌كانی ده‌ستپێك وسه‌ره‌تای لالیگادا به‌ئاراسته‌یه‌كی دروست وخاوه‌ن قسهدهركهوتهوه،به‌بێ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی دیاری تیپه‌كه له ههردوویارییهكهدا براوه‌بوون، ئه‌مه‌ش بۆخۆی مه‌سجێكی تره كه له‌هه‌ر غیابێكی كریستیانۆدا ئه‌وا زێدان وه‌ك راهێنه‌ر هه‌گبه‌كه‌ی خاڵی نییه‌و یاریزانه‌كانی ریاڵیش پێكهاته‌یه‌كی بههێزوتۆكمهو له‌شكان نه‌هاتووی هه‌یه.
وه‌رزی پێشوو زێدان سه‌لماندی ئیداره‌ی یانه‌كه‌ی چاكیانكرد زوو رافابینیتزی راهێنه‌ریان دورخسته‌وه، چاكتریشیانكرد ئه‌میان كرده راهێنه‌ر،به‌ڵام چاكتر له‌مانه ئه‌وه‌یه زێدان بتوانێت ریاڵ مه‌درید له لووتهكهدا جێگیر بكاته‌وه، خۆئه‌گه‌ر وانه‌كات ئه‌وه‌ی وه‌رزی پێشوو له‌زه‌مه‌نێكی كورت و كه‌مدا به‌ده‌ستیهێنا هه‌ر زۆر زوو كاڵده‌بێته‌وه و ناوی زێدان خۆیشی وه‌ك ئێستا جوان نانوسرێت و باش ناخوێندرێته‌وه، كه‌واته ڕكابه‌رییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه بۆ زه‌ینه‌دین زێدان زۆر زۆر گرنگن.
ئه‌ستێره فه‌ره‌نسییه‌كه وه‌ك یاریزان زۆری بۆ ریاڵ كردووه، وه‌ك راهێنه‌ریش له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا ئامانجێكی گه‌وره‌و گرانی پێكاوه، ئه‌و وه‌ك راهێنه‌ر رۆحێكی نوێی لهگونجاندن وخۆرێكخستنهوهو له‌یه‌كتێگه‌یشتنی به‌به‌ری یاریزانانی یانه‌ی شاهانهداكردهوه، زۆرچاك له‌یانه‌كه‌ی و له‌خواست و داوای هانده‌رانی یانه‌كه‌شی تێده‌گات، ئهوبهنزیكی و به‌یاریكردنی له‌پێشتردا له‌گه‌ڵ ریاڵ مه‌درید و به‌ئه‌زموونی ساڵانی پێشووی كاركردنی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا زۆرباش ده‌زانێت خه‌ونه‌كانی ئه‌وان چییه، بۆیه به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره له‌ده‌سته‌به‌ركردنی نازناوی پاڵه‌وانێتیه گه‌وره‌كانی وه‌ك لالیگاو چامپیۆنس لیگ و ههتابردنهوهش له بارسێلۆنا جگه‌له‌وه‌ی بۆ ریاڵیهكان ئامانج و خواستی یه‌كه‌م و هه‌میشه‌ییه، ئه‌وا بۆ ئه‌ویش (زێدان) وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌ش له‌خودی ئه‌ودا دروستده‌كات و ده‌یكاته ئه‌فسانه‌یه‌كی گه‌وره‌تر.