ئامادەبووانى ئێستا 141 میوان

سه‌یدسادق-یش په‌یامی‌ نارد ‌

ئاكۆ عارف
له‌ ڕكابه‌رییه‌كانی‌ خولی‌ پله‌ دووی‌ تۆپی‌ پێی‌ یانه‌كانی‌ كوردستاندا، یانه‌ی‌ سه‌یدسادق مه‌سجێكی‌ جوان و جه‌ماوه‌ره‌كه‌شی‌ په‌یامێكی‌ جوانتریان نارد، دڵخۆشتر له‌ئاست و ده‌ركه‌وتنی‌ یاریزانانی‌ یانه‌كه،‌ ئه‌و گوڕو تینه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ بوو له‌یانه‌كه‌یان كه‌ مایه‌ی‌ هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌ له‌سه‌ری‌ .
كاتێك یانه‌ی‌ سه‌یدسادق له‌یاریگاو له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌ خۆیدا رووبه‌رووی‌ یانه‌ی‌ دوكانی‌ میوانی‌ بووه‌وه‌ ، هانده‌ران و جه‌ماوه‌ری‌ وه‌رزشی‌ به‌پڕكردنی‌ یاریگا و پشتیوانیكردنیان هه‌موولایه‌كیان سه‌رسامكرد، كاتێكیش له‌یاریگای‌ زانكۆ له‌سلێمانی‌ سه‌یدسادق به‌رامبه‌ر یانه‌ی‌ كفری‌ به‌گۆڵێكیش دۆڕان، جه‌ماوه‌ری‌ هاتووی‌ سه‌یدسادق یاریگای ناوبراویان هه‌ژاند.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌پاڵه‌وانێتیه‌كانی‌ كوردستاندا كه‌می‌ هانده‌ر له‌یاریگا و نه‌بوونی‌ پشتیوانی‌ پێویستی‌ جه‌ماوه‌ری‌ وه‌رزشی‌ له‌ساتی‌ یارییه‌كاندا جێگای‌ سه‌رنج و مایه‌ی‌ خه‌می‌ هه‌مووان بووه‌، هه‌میشه‌ خۆزگه‌مان به‌وه‌ خواستوه‌ له‌ رووی‌ هاندان و پشتگیری‌ جه‌ماوه‌ری‌ وه‌رزشییه‌وه‌ یاریگاكانمان پڕ له‌هه‌وادارانی‌ یاری‌ بێت، ئه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ وه‌رزشی‌ له‌ زاخۆ و شێروانه‌ بۆیانه‌كانی‌ شاره‌كانی‌ خۆیان ده‌یكه‌ن، بۆ یانه‌ی‌ شاره‌كانی‌ تریش هه‌روابێت خۆشبه‌ختانه‌ خه‌ڵكی‌ سه‌ید سادقیش نمونه‌یه‌كی‌ جوانی‌ هاندان و پڕكردنی‌ یاریگایان نیشانداین .
جه‌ماوه‌ری‌ وه‌رزشی‌ جگه‌له‌ یاریگای‌ خۆیان یاریگای‌ زانكۆی‌ سلێمانیشیان وه‌ك یاریگای‌ شاره‌كه‌یان به‌هانده‌ران پڕكرده‌وه‌، هوتافی‌ ئه‌وان ده‌نگی‌ دایه‌وه‌، خواستی‌ ئه‌وان بۆ بردنه‌وه‌ سه‌رنجی‌ هه‌مووانی راكێشا، بوونی‌ ئه‌وان زیندویی یانه‌كه‌یان و جوانی‌ ركابه‌رییه‌كانیان سه‌لماند، بۆیه‌ له‌دوای‌ ئه‌وه‌ پێویسته‌ یه‌كێتی‌ ناوه‌نده‌ی تۆپی‌ پێی‌ كوردستان جدی‌ تربێت به‌رامبه‌ر تیپی هه‌ر یانه‌یه‌ك و ئیتر ناوه‌نده‌كانی‌ وه‌رزش له‌ئاست وه‌رزشی‌ هیچ شارو شارۆچكه‌یه‌كی‌ كوردستاندا بێ‌ باك و كه‌مته‌رخه‌م نه‌بن.
ئێستا ئێمه‌ش دڵخۆشین كه‌ ئه‌م جاماوه‌ره‌ وه‌رزشییه‌ی‌ سه‌ید سادق-مان بینی‌، ئه‌وان به‌ مانه‌وه‌یان ئه‌گه‌ر له‌ یاساو ڕیساكانی‌ هاندان لانه‌ده‌ن و له‌شكستیشدا هه‌رله‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌یاندا بمێننه‌وه‌، دواجار ئامانج گه‌لێكی‌ باش ده‌پێكن و وه‌رزشی‌ شاره‌كه‌یان له‌ زۆر روه‌وه‌ ئه‌نجامی‌ باشتریان ده‌بێت .
ساڵانێك به‌ر له‌ئێستا هاوڕێیه‌كم كه‌ خه‌ڵكی‌ سه‌ید سادقه‌ پێی ووتم: ئێمه‌ داوای‌ كردنه‌وه‌ی‌ زانكۆمان له‌شاره‌كه‌ماندا كرد كه‌چی‌ به‌ندیخانه‌یان بۆ دروستكردین، سه‌یدسادق وه‌ك هه‌ر شار و شارۆچكه‌و ده‌ڤه‌رێكی‌ تری‌ كوردستان شایسته‌ی‌ خزمه‌تكردنه‌، پێویستی‌ به‌درووستكردنی‌ یاریگا و زانكۆ و خزمه‌تكردنی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ و ئاوڕ لێدانه‌وه‌ی‌ زیاتره‌و ده‌بێت هه‌موومان وابكه‌ین وه‌رزش له‌وشاره‌ش ئاراسته‌ی‌ راست و دروستی خۆی بگرێت.